هونەر پێکهاتەیەکی گرنگە لە ناسنامەی کولتووری و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و هەمیشە ئاوێنەیەکی روون و گەورەی کۆمەڵگا بووە، لەگەڵ ئەوەی ڕەنگدانەوەی کولتوور و مێژوو و ناسنامەی گەلانە، لە هەمان کاتدا دیدگای نوێ بۆ داهاتوو دەخاتەڕوو. هونەر پێویستییەکە بۆ کۆمەڵگایەکی تەندروست، ناسنامە بنیات دەنێت و کۆمەڵگا بەهێز دەکات هەروەها ڕێگایەکە بۆ گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون کۆمەڵگا. بە درێژایی مێژوو، گەلانی دونیا لە ڕێگەی هونەرەکانی وەک شێوەکاری، موزیک، شانۆ و سینەما و بوارەکانی تری هونەر، هەستی خۆیان دەربڕیوە. بۆیە هەر گەلێک لە بواری فەرهەنگی و هونەریدا چالاک و بەهێز نەبێت، بێشک ڕووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی شوناس و میراتی کولتووری دەبێتەوە، بە واتایەکی تر کاتێک نەریت و کولتوور و کەلەپوور نەگەن بە نەوەی نوێ وردە وردە کاڵ دەبنەوە و نەوەکانی داهاتووش پەیوەندییان بە ڕابردوویانەوە دەپچڕێت. لە لایەکی ترەوە نەبوونی هونەر فەزای خەیاڵ و داهێنان لە کۆمەڵگادا بەرتەسک دەکاتەوە، جگە لەوەش کاتێک دیمەنی هونەری هەر گەلێک لە چاوی دونیادا لاواز بێت، وێنە گەورەکەی ئەو نەتەوەیە لە چاوی دونیا بچوک دەبێتەوە، بەو پێیەی کە هونەر یەکێکە لە بەهێزترین ڕێگاکان کە نەتەوەیەک دەتوانێت خۆی بە جیهان بناسێنێت و بوونی خۆی بسەلمێنێت.
لەبەرئەوە گەر بەهای فەرهەنگ و مێژوو بەگرنگییەوە لەبەرچاو بگیرێت، پێویستە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی هونەر و بواری فەرهەنگی هەنگاو بنرێت، ئەمەش ئەو بەرپرسیارێتیەیە کە حکومەتەکان، دامەزراوە ڕۆشنبیری و هونەریەکان، کۆمەڵگا و تاک پێویستە لە ئەستۆی بگرن، لەڕێگەی هەوڵی بەکۆمەڵ و پلانی گشگیرەوە.
ئەوەی دەبینرێت لەم ساڵانەی دواییدا هونەر لە باشوری کوردستان لە قۆناغی داکشان دایە و پشتگوێخستنی هونەر جدییە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، پاڵپشتییەکی سنووردار بۆ بوارەکە و لاوازی گرنگیدانی کەرتی پەروەردە بە هونەر و ئاستەنگە ئابوورییەکان کە ڕووبەڕووی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، دەرفەتی گەشەسەندنی بوارە هونەریەکانیان بەرتەسک کردۆتەوە، ئەوە ڕاستیەکە زۆرێک لە هونەرمەندان و پەروەردەکارانی ئەم بوارە تێبینیان کردووە، دیارە ئەمەش پێویستی بە گرنگیدان و ئاوڕلێدانەوە و کاری جدی هەیە بۆ دەرچوون لەم قۆناغە سەختە کە پێویستە بە پلانێکی بەر فراوان ڕێگری لێبکرێت.
گەر باس لە هۆکارەکانی داکشانی هونەر بکەین لە هەرێمی کوردستان، دەبینین چەندین ساڵە هونەر ئەو پشتیوانییە دامەزراوەیی و حکومییەی نەماوە کە شایەنیەتی و زۆرجار بودجەی چالاکییە هونەریەکان هێندە بچووکە کە هونەرمەندان ناتوانن پشتی پێ ببەستن بۆ پڕۆژەکانیان، هەروەها دۆخی سەختی ئابووری زۆرێک لە کەسانی بەتوانای لە بوارەکەدا ناچار کردووە هونەر بەجێبهێڵن و بەدوای کارێکی دڵنیاتردا بگەڕێن بۆ بژێوی ژیانیان، لەکاتێکدا هەندێکی تر لە هونەرمەندان کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات هەڵدەبژێرن چونکە پێیان وایە لەوێ کارەکانیان زیاتر بەرز دەنرخێندرێت.
لە لایەکی ترەوە دەبینین لە ئەمڕۆدا بەگشتی کۆمەڵگا، سەرنجی خۆی بە ئاڕاستەی تەکنەلۆژیا و سیاسەت و بازرگانی و قازانجی ماددی گۆڕیوە، ئەمەش کاتێکی کەمی لە ژیانی رۆژانەدا بۆ گرنگیدان بە بوارە هونەریەکان هێشتۆتەوە، جگە لەمەش کەرتی خوێندن و پەروەردە بواری هونەری لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکاندا تا ڕادەیەک پشگوێ خستووە و ئەمەش وادەکات بەرکەوتنی ئەم نەوەیە بە هونەر و داهێنان سنوورداربێت.
سەرەڕای بوونی هەموو ئەو هۆکارانەش بەڵام هێشتا دەرفەت هەیە بۆ ڕێگری و چارەسەربوون بە ئاڕاستەی هەڵکشان، کە دەتوانرێت یارمەتیدەر بێت لە هێنانە کایەی ژیانێکی نوێ بۆ بوارەکە. بێشک زیندوو هێشتنەوە و پێشخستنی هونەر پێویستی بە هاوکاری هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگا هەیە، پێویستە حکومەتەکان پارە و پشتیوانی پێشکەش بکەن، زانکۆکان پڕۆگرامەکانی خوێندنیان لەم بوارە بەهێز بکەن، ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان فراوانتر بکەن و هەروەها تاکەکانی کۆمەڵگاش بەهای هونەر بە گرنگ ببین و بەشداری چالاکییەکان بکەن.
دەتوانرێت لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە هەردوو دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان بە زیادکردن و دابینکردنی بودجەی جێگیر بۆ هونەرمەندان و دامەزراوەکان، ئەو سەرچاوانەی هونەرمەندان پێویستیانە بۆ بەردەوامبوون لە کارە هونەریەکانیان دابین بکرێت، هەروەها پێویستە پاڵپشتی فێستیڤاڵ و کۆنسێرت و پێشانگای هونەری و نمایشی شانۆی و بەرهەم هێنانی فیلم و سینەما بکرێت و پێشبڕکێ لەم بوارانەدا بۆ بەرەوپێشبردنی چالاکییە هونەریەکان بە بەردەوامی ڕێکبخرێن.
لایەنێکی تر بواری پەروەردە و فێرکردنە، چونکە هەر سیستەمێک جێگەیەکی بەهێزی بۆ هونەر لە پەروەردەدا نەبێت مەترسی لەسەر پەروەردەکردنی ئەو نەوەیە هەم لە لێهاتوویی داهێنەرانە و هەم لە ناسنامەی کولتووریی دەبێت. بەمەش کاتێک وانەکانی هونەر دەبن بە بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندن لە ناوەندەکانی پەروەردە، لەو ڕێیەوە منداڵان لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و هۆشیاری کولتووری دەبن. هەروەها زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بەرپرسیارن لە پێشکەشکردنی پرۆگرامی تایبەتمەند لەم بوارانەدا و بەهێزکردنی ناوەندەکانی توێژینەوەی کولتووری نەک تەنها لە بەشەکانی خوێندنی هونەردا بەڵکو لە سەرجەم بەش و کۆلێژەکان، هەروەها دابینکردنی سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانی بەتوانا لە بواری هونەردا، ئەمەش نەک هەر هونەرمەندی پیشەیی بەرهەم دەهێنن بەڵکو بیرۆکەبەخشیش دەبێت بۆ مامۆستایان و توێژەران لە بوارە کولتوورییەکان، کە بێگومان کاریگەرییان لەسەر نەوەکانی داهاتوو دەبێت کە بەهای هونەر نەک تەنها وەک کات بەسەربردن بەڵکو وەک بەشێک لە ناسنامەی کولتووری ببینن.
هەروەها میدیا دەتوانێت ڕۆڵێکی بەهێز بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی بواری هونەریدا بە دروستکردنی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی کولتووری لەنێوان کولتوورە جیاوازەکان، هەروەها دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان هونەرمەندانی جیهانی و ناوخۆیی کە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ هێنانە کایەی بیرۆکەی نوێ، ئەمەش هاندەرێکی باشە بۆ بەهرەمەندانی بوارە هونەریەکان لە ناوخۆدا.
جگە لەمانە رێکخراوە ناحکومییەکان(NGO) و دامەزراوە کولتوورییە حکومییەکان دەتوانن دەرفەت بۆ هەموو تەمەنەکان دروست بکەن بۆ ئەوەی بەشداری خول و چالاکییە بێبەرامبەر یان کەم تێچووە هونەریەکان بکەن، وەک خولی خێرا، وۆرک شۆپ. هەروەها سەنتەرە هونەریەکان و فێستیڤاڵە کولتوورییەکان دەتوانن ڕێگەی پراکتیکی بە گەنجان بناسێنن بۆ فێربوون و پەرەپێدانی بەهرەکانیان، وە بە پارە و ئاسانکاری پشتگیری ئەو بیرۆکە و دەستپێشخەرییانە بکەن بەشێوەیەک لە هەموو تەمەنێک و لە هەموو چین و توێژەکان لێی سوودمەند بن، نەک تەنها کەسانی پیشەیی لە بوارەکەدا. لەلایەکی ترەوە هەوڵدان بۆ بەستنەوەی هونەرمەندانی ناوخۆیی بە پلاتفۆرمە جیهانییەکانەوە بە بەکارهێنانی تۆڕە نێودەوڵەتییەکان و پێشکەشکردنی سیمینار و وۆرک شۆپ و سازدانی دیداری هونەری، بۆ نموونە ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیا بەرنامەی هونەری بێبەرامبەریان پێشکەش بەو کۆمەڵگایانە کردووە کە بەهەر هۆکارێک بێت لە ڕووی فەرهەنگییەوە لە پاشەکشێدان، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییە یە کە هونەر دەتوانێت تەنانەت لە بارودۆخە سەختەکانیشدا لەبری داکشان بەرەو هەڵکشان گەشە بکات.